وەزارەتی بەرگری: حاڵەتی ژەهراویبوون لەنێو کارمەندانی بنکەی ئاسمانی ئیمام عەلی دوورە لەڕاستیەوە
وەزارەتی بەرگری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بوونی حاڵەتی ژەهراویبوون لەنێو کارمەندەکانیدا لە بنکەی ئاسمانی ئیمام عەلی (خودا لێی ڕازی بێت) لە پارێزگای زیقار، دوورە لە ڕاستیەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا، هاتووە: "وەزارەتی بەرگری ئەو هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە کە لە ڕێگەی هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانەوە سەبارەت بە بوونی حاڵەتی ژەهراویبوون لەنێو کارمەندانی بنکەی ئاسمانی ئیمام عەلی (خودا لێی ڕازی بێت) لە پارێزگای زیقار، بڵاوکراونەتەوە."
وەزارەتەکە، بەپێی بەیاننامەکە، ڕوونیکردەوە: "ئەوەی ڕوویداوە بریتییە لە تووشبوونی ژمارەیەک لە کارمەندان بە حاڵەتی بوورانەوە لە ئەنجامی خۆرلێدان؛ بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا. دەستبەجێ لەلایەن ستافی پزیشکیی بنکەکەوە مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکاندا کراوە و زۆربەی تووشبووان بە تەواوی چاکبوونەتەوە."
هەروەها هاتووە: "وەزارەت داوا لە هەمووان دەکات کە پێویستە وریایی و ڕاستگۆیی لە گواستنەوەی هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە وەزارەتەوە بپارێزن و تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن کە بریتین لە ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی وەزارەت و پلاتفۆرمەکانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ بۆ دوورکەوتنەوە لە دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێوان هاووڵاتیان و کارمەندەکاندا.
