وەزارەتی بەرگری روودانی تەقینەوە لەناو بنکەی ئاسمانی شەهید محەمەد عەلا رەتدەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگری روودانی تەقینەوەی لەناو بنکەی ئاسمانیی شەهید محەمەد عەلا رەتکردەوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: "ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و باس لە روودانی تەقینەوە دەکەن لەناو بنکەی ئاسمانیی شەهید محەمەد عەلا".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزارەت جەختی لەوە کردووەتەوە: کە "بنکەکە سەقامگیرییەکی ئەمنیی تەواوی هەیە و هیچ رووداوێکی تەقینەوە یان شتێک نییە کە کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی کارەکان هەبێت"، هەروەها داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە "لە گواستنەوەی زانیارییەکاندا ورد بن و تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن کە خۆی لە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمەکانی وەزارەتدا دەبینێتەوە".
وەزارەت تەئكیدیشیکردەوە: "هەموو رێکارە یاساییە پێویستەکان دەگرێتەبەر بەرامبەر ئەو لایەنانەی هەوڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتیاندا دەدەن".
