وەزارەتی تەندروستی هەرێم هۆشداریەک دەداتە ژنانی دووگیان
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم هۆشداری دایه ژنانی دووگیان لەبارەی لەدایکبوونی منداڵان بەنەشتەگەری پێش کاتی ئاسایی.
سامان بەرزنجی، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، بڵاویکردەوە، سەرجەم نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە نابێت بەهیچ شێوەیەک نەشتەرگەری بۆ ئەو ژنانەی دووگیانن بکرێت، کە نیازیانە لە بەروارێکی جوان، لە دایکبوونی منداڵەکانیان بە نەشتەرگەریی پێش کاتی لەدایکبوون ئەنجامبدەن.
وتیشی، بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئەم دیاردەیە کەمبووەتەوە، وەزارەتی تەندروستیش هەموو رێککارێک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگەنەدرێت ژیانی کۆرپەلە بخرێتە مەترسییەوە، هەربۆیە پێش نەشتەرگەریی ژنانی دووگیان پێویستە بەڵگەنامەی زانستی هەبێت، کە بیسەلمێنێت کە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەی هاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لەژنانی دووگیان بە نەشتەرگەری وادەی لەدایکبوونی منداڵەکانیان پێش دەخەن بۆ ئەوەی لە بەروارێکی جوانی وەک ئەمڕۆ ٥/ ٥/ ٢٠٢٥ منداڵیان ببێت.
