وەزارەتی داد : نزیکەی هەشت هەزار زیندانی بە لێبوردنی گشتی ئازادكران
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، ئەو زیندانیانەی یاسای لێبوردنی گشتییان بۆ دەرچووە ژمارەیان گەیشتە نزیکەی هەشت هەزار زیندانی لە سەرانسەری سەرجەم چاکسازییەکانی عێراقدا.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دادی عێراق کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە، هاتووە "بەگوێرەی یاسای لێبوردنی گشتی و بەپێی رێکارە یاساییە دامەزراوەکان و دوای تەواوکردنی پشکنینی ئەمنی، حەوت هەزار و ٩٩٥ زیندانیی ئازادكراون".
ئەوەش هاتووە "ئەوانەی شایستەی لێبوردنەکەن لەسەرانسەری پارێزگا جیاوازەکانی عێراقدان و بڕیارەکەش ئەو زیندانیانە لەخۆدەگرێت، کە مەرجەکانی یاساکەیان تێدایە بە هەردوو جۆری نێر و مێ".
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە روو، جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی لەچوارچێوەی پابەندبونیاندایە بە بەرەوپێشبردنی بنەماکانی دادپەروەری و گەیشتن بە دەرفەتەکانی یەکگرتنەوەی کۆمەڵایەتی، لە هەمانکاتدا بەردەوامە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە بە شەفافیەت و وردبینییەوە.
