وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە هۆکاری تەقینەوەکانی لوبنان
وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، کردەوەی تەقینەوەکانی لوبنان و بە ئامانجگرتنی ئەندامانی حیزبولڵای لوبنانی بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی پەیجر، بە نموونەی کوشتنی بەکۆمەڵ زانی و بە توندی ئیدانەی کرد.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئۆپراسیۆنی تیرۆریستی لە لوبنان وەک درێژەپێدەری ئۆپەراسیۆنەکانی ڕژێمی زایۆنی و بریکارە بەکرێگیراوەکانیان ئەنجامدراوە و پێچەوانەی هەموو بنەما ئەخلاقی و مرۆییەکان و یاسای نێودەوڵەتیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئێران دەشڵێت: ئەم کردەوەی تێرۆریستییە کە لە ڕاستیدا جۆرێکە لە کوشتنی بەکۆمەڵ، جارێکی تر بە ڕوونی دەسەلمێنێت کە ڕژێمی زایۆنی جگە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و جینۆساید دژی گەلی فەلەستین، هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
دوێنێ چوارشەممە، ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریكا لەبارەی ئەم ڕووداوە کە بووە ھۆی کوژران و برینداربوونی سەدان ئەندامی حیزبولڵای لوبنان ڕایگەیاند: پەیوەندیمان بە تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیجەر-ی لوبنانەوە نییە.
