وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە راگەیاندنی ئۆجەلان و پەیامەکەی بۆ دانانی چەکەکانی پەکەکە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پێشوازی لە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ دانانی چەک دەکەین و پەیامەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هێنانەدی سەقامگیری.
ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە راگەیاندنی سەرۆکی (پەکەکە) عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەیامەکەی بۆ دانانی چەکەکانی پارتی کرد، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئەرێنی و گرنگ زانی لە بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم دەستپێشخەرییە نوێنەرایەتی پێشهاتێکی زۆر گرنگ دەکات لەڕووی بەرزکردنەوەی ئاسایشەوە، نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو لە هەموو ئەو بوارانەی کە بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و هەندێک شاری دیکەدا هەیە.
باسی لەوەش کرد، کە چارەسەری سیاسی و دیالۆگ باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و کۆتاییهێنان بە ململانێکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان بکات و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بەرز بکاتەوە.
هەروەها، وەزارەتی دەرەوە پشتیوانی خۆی بۆ هەموو هەوڵەکان دەربڕی کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشەکانە لە رێگەی دیالۆگەوە، بەو هیوایەی هەنگاوە کردارییەکان بۆ دڵنیابوون لە کۆتایی هاتنی هەڵگرتنی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە خێراتر بکرێت
