وەزارەتی پلاندانانی عێراق:ژمارەی دانیشتوانی عێراق 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 كەسە
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە،رایگەیاند کە ژمارەی دانیشتوانی عێراقی 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 كەسە و زیاتر لە 60٪ـی دانیشتوان لە تەمەنی كاركردندان.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوبراودا هاتووە:بەشێوەیەكی فەرمی بەسەركەوتنی پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی كوردستان رادەگەێنین و هاوكات ئاماژەی بەوەکرد کە ئەنجامی كۆتایی ئەو سەرژمێرییەشی بڵاوکردەوە كە ژمارەی دانیشتوانی عێراق زیاتر لە 46 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.
ئاماژەی بەوەکرد سەرژمێری دانیشتووان بریتی بووە لە 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 كەس، هاوكات زیاتر لە 60٪ـی دانیشتوانی عێراق لە تەمەنی كاركردندان باسی لەوەشکرد ، رێژەی رەگەزی نێر لە رەگەزی مێ زیاترە بەو پێیەش رەگەزی نێر٥٠.٢٢٪ پێكدەهێنێت واتە ٢٣ ملیۆن و ١٦١ هەزار كەس، رێژەی مێ ٤٩.٧٨٪ دانیشتوان پێكدەهێنێت واتە ٢٢ ملیۆن و ٩٥٧ هەزار كەس. ئەوەشهاتووە، ٤.١٣٪ـی دانیشتووانی هەولێر و ٣.٦٣٪ دانیشتووانی دهۆك بەساڵاچوون. هاوكات، ٧٠.١٧٪ـی دانیشتوانی عێراق شارنشینن و ٢٩.٨٣٪ لادێ نشینن بەپێی ئاماری كۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، 72.14%ی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی كوردستان خاوەن خانووی خۆیانن، 19.41% كرێچیی تایبەتن، 2.12% كرێچیی حكومەتن و 6.33% لە خانووی خۆڕاییدان. بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێرییەكە، 91.57%ی جۆری ئەو موڵكانەی خەڵك تێیدا دەژین خانوون، 7.08% شوقە و 0.70%یش خانووی گڵن.
