وەزارەتی کشتوکاڵ: تا کۆتایی مانگی داهاتوو نرخی گۆشتی سوور نزم دەبێتەوە
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکەن تا کۆتایی مانگی داهاتوو نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا بگەڕێتەوە ئاستی پێشووی. وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش دەڵێت، "سزای ئەو کەسانە دەدەین کە نرخی خۆراک بەرز دەکەنەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور کاتییە و پێشبینی دەکەن تا کۆتایی مانگی داهاتوو نرخەکەی بگەڕێتەوە ئاستی پێشوو
ئاماژە بەوەش کراوە، بەشێکی گرانبوونی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا، هۆکارەکەی بۆ زیادبوونی خواستی ناوخۆ دەگەڕێتەوە و هاوڵاتیان خواستێکی زۆریان لەسەر گۆشتی ئاژەڵی خۆماڵی هەیە.
ئەوەش خراوەتە روو، بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا، بڕیاریان داوە کە ئاژەڵ لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردەی بازاڕەکانی عێراق بکەن.
باس لەوەش کراوە، لە چوارچێوەی رێکارەکانی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سووردا، بڕیاردراوە بە هاندانی وەبەرهێنان لە بواری ئاژەڵداری و دابینکردنی پاڵپشتی پێویست و پێدانی قەرز بەو کەسانەی کە سەرقاڵی ئاژەڵدارین لە عێراق.
