وەزارەتی کشتوکاڵى هەرێم رێژەی گڵدانەوەی ئاوی 48 کاتژمێری رابردووی راگەیەند
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رێژەی بووژانەوە و گڵدانەوەی ئاوی 48 کاتژمێری رابردوو، لە بەنداوە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند؛ بەنداوی دووکان زۆرترین و بەنداوی دهۆکیش کەمترین رێژەی ئاوی گلداوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رێژەی بووژانەوە و گڵدانەوەی ئاوی هەر سێ بەنداوی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی شەپۆڵی باران بارینی 48 کاتژمێری رابردوو بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان 77 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە و بە قەبارەی 84 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی گلداوەتەوە.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، لەو ماوەیەدا، 16 ملیۆن مەتر سێ جا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان گلدراوەتەوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکە 24 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.
لەبارەی بەنداوی دهۆکیش، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا 300 مەتر سێ جا ئاو لە بەنداوی دهۆک گلدراوەتەوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکەش 20 سانتیمەتر بەرزبووەوە.
