وەزیری بەرگری پێشووی عێراق کە ڕەگەزنامەی عێراقی و سویدی هەیە لە سوید دەستگیرکراوە
وەزیری بەرگری پێشووی عێراق کە ڕەگەزنامەی عێراقی و سویدی هەیە، لە سوید دەستگیرکراوە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت بە شێوەیەکی نایاسایی سوودە داراییەکانی لە سوید وەرگرتبێت.
لێکۆڵەر یەنس نیڵسن بە کەناڵی ئێس ڤی تی سویدی وت: نەجاح شەمەری ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکە داواکراوە.
نیڵسن بە کەناڵی تی ڤی 4ـی وت: شەمەری ڕۆژی دووشەممە لە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆڵم لە کاتی گەیشتنیدا بۆ سوید دەستگیرکراوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوید پێشتر وتییان ئەلشەمەری چەندین ساڵە پشتیوانی منداڵ و خانووبەرە وەردەگرێت، سەرەڕای ئەوەی کە لە بەغداد دەژی.
ڕۆژنامەی سویدی ئێکسپرێسن بڵاویکردەوە شەمەری لە ساڵی 2011 دا هاتووە بۆ سوید و لە ساڵی 2015 دا ڕەگەزنامەی سویدی وەرگرتووە، دواتر بە تۆمەتی ساختەکاری لە سوودەکاندا خۆی و خێزانەکەی تۆمەتبارکراون،وگوایە ئەلشەمەری چەندین ساڵ دوای گەڕانەوەشی بۆ عێراق بەردەوام بووە لە وەرگرتنی پارەی کۆمەڵایەتی "سۆشیاڵ".
