وەزیری داد بەڵگەنامەی پەیوەستبوونی عێراق بە پەیڕەوی سەرەکی دادگای دادیی نێودەوڵەتی ئیسلامی واژۆ دەکات
د.خالید شوانى وەزیری داد بەڵگەنامەی پەیوەستبوونی عێراق بە پەیڕەوی سەرەکی دادگای دادیی نێودەوڵەتی ئیسلامی واژۆ کرد.
بەشی ڕاگەیاندن وگەیاندنی حکومی لەوەزارەتی داد لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوه لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ شانشینی عەرەبی سعودیە، بەرێز د.خالید شوانی وەزیری داد، چاوی کەوت بە بەرێز حسێن ئیبراهیم تەها ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی.
لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بارەگای ڕێکخراوەکە لە شاری جەدده، واژۆی لەسەر پەیوەستبوونی کۆماری عێراق بە پەیڕەوی سەرەکی دادگای دادیی ئیسلامیی نێودەوڵەتی کرد کە بە یەکێک لە دەزگا دادوەرییەکانی سەر بە ڕێکخراوەکە دادەنرێت.
هەر لە میانی دیدارەکەدا، جەنابی وەزیر هەڵوێستی حکومەتی بە سەرۆکایەتی بەرێز محەمەد شیاع سودانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانەی کە جێگەی نیگەرانی جیهانی ئیسلامییە خستەڕوو، لە پێش هەموویشیان هەڵوێستی لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر گەلی فەلەستین لە غەززە و هەوڵەکانی عێراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی ڕێکخراوەکە بە شێوەیەک کە خزمەت بە واقیعی جیهانی ئیسلامی بکات، هەروەها باسی لە دەستکەوت و هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری وڕۆڵی بەدیهێنانی سەقامگیری ئابووری وسیاسی وئەمنی کرد.
لای خۆیەوە بەڕێز ئەمینداری گشتی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەم سەردانە و ڕۆڵی گرنگی عێراق بەهۆی ئەو ڕووە شارستانی و ئیسلامییە کاریگەرەی کە لە هەموو ئەو پرس وبوارانەی جێگای نیگەرانی میللەتن بەرجەستەیە،بەرێزیان ئاماژەی بەوەدا کە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی دەستکەوتەکانی حکومەتی عێراق لە بوارەکانی ئابوری و گەشەپێدان و ئەو پێشکەوتنانەی لە هەموو بوارەکاندا ڕوودەدات و هەوڵ و هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە پرسی نەتەوەی ئیسلامی لەخۆدەگرێت.
هەر لەدیدارەکە گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگی پەسەندکردنی پەیڕەوی سەرەکی دادگای دادیی ئیسلامیی نێودەوڵەتی لەلایەن عێراقەوە لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە یاساییەکان بە شێوەیەکی دۆستانە یان لەڕێگەی دەستەکانی ناوبژیوانی کە سەر بە دادگایە،بە شێوەیەک کە بەدیهێنانی دادپەروەری پتەو بکاتەوە و ڕێگری لە هەوڵەکانی بەدیهێنانی گەشەپێدان نەکات.
شایەنی باسە لە مەراسیمی واژۆکردنەکەدا هەریەک لە باڵیۆز محەمەد ساڵح تەقیە و بەڕێوەبەری گشتی کاروباری سیاسی لە ڕێکخراوەکە وباڵیۆز حەسەن عەلی حەسەن بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی لە ڕێکخراو و نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و بەرێز محەمەد سەمیر نەقشبەندی کونسوڵی گشتی و نوێنەری کۆماری عێراق لە ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی ئامادە بوون.
