وەزیری دارایی هەرێم: نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاوڵاتیان بکرێت
وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاوڵاتیان (ئەمانات، وەدائیع ،توفیر ،هتد...) بکرێت، بەپێچەوانەوە ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
وەزارەتی دارایی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،" ڕۆژی سێشەممە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆبووەوە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" لە کۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتی هاوڵاتیان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران و کۆمپانیاکان لەو سنورە و جەخت لە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکان کرایەوە، لەوبارەیەوە بڕیاردرا کە نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتیان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان دروست بکرێت ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت".
وەزارەتی دارایی باسی لەوەشکرد،" لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا کە نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاوڵاتیان (ئەمانات، وەدائیع ،توفیر ،هتد...) بکرێت، بەپێچەوانەوە ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە، هاوکات لە بەشێکی تری کۆبونەوەکە بڕیاردرا کە بەهیچ جۆرێک نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت ".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" هەر لە کۆبوونەوەکە جەخت کرایەوە لەحاڵەتی دووبارە بوونەوەی سەرپێچیەکان و هەرکەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانە جوڵایەوە، داوا لەفەرمانبەران و مووچەخۆران و بەڵێندەران دەکەین ڕاستەوخۆ وەزارەتمان ئاگادار بکەنەوە تا ڕێکاری پێویست بگرینەبەر ".
