وەزیری دارایی پڕۆژەی چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبا لەگەڵ بانکێکی نێودەوڵەتی واژۆکرد
ئەمڕۆ یەك شەممە"تەیف سامی"وەزیری دارایی،ڕێککەوتنێکی قەرزی بۆ دابینکردنی پارە بۆ پڕۆژەی چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبا لەگەڵ بانکێکی نێودەوڵەتی واژۆکرد. لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی دا هاتووە:- "تەیف سامی" وەزیری دارایی ، ئەمڕۆ ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد بۆ دابینکردنی پارەی قەرزی پڕۆژەی چاککردنەوەی وێستگەکانی وەزارەتی کارەبای لەگەڵ بانکی JPM و بە هاوبەشی لەگەڵ GE جەنراڵ ئەلیکتریک ئەنترناشناڵ ئینک ،لە چوارچێوەی پڕۆژەی ساڵانەی چاککردنەوە (قۆناغی پێنجەم). ) PUP5/B، بە کۆی گشتی تێچووی (257) ملیۆن دۆلار. ئاماژەی بەوەشکرد:- ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە دەچێتە چوارچێوەی گفتوگۆی چوارەمی مادەی دووەم/ یاسای بودجەی گشتی دەوڵەت، و لەسەر بنەمای بڕیارنامەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (23588)ی ساڵی 2023، کە دەسەڵات دەدات بە وەزیری دارایی بۆ واژۆکردنی قەرزەکە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەداوە :- پارەدارکردنی پڕۆژەکە بەشدارییەکی کاریگەری دەبێت بۆ زیادکردنی توانای وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی وزە،بەمەش کەمی دابینکردنی کارەبا کەمدەبێتەوە لە سەرجەم پارێزگاکان.
