وەزیری دارایی : گەشەی نانەوتی بەڕێژەی لەسەدا 5 زیادیکردووە
ئەمڕۆ دووشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی 2024دا ئابووری عێراق بە ڕێژەی 5% گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی نانەوتی تۆمارکردووە.
سامی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕاگەیاند: "شاندێکی باڵای حکومەت کە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی تێدابوو، یاوەریمان بوون و لەگەڵ شاندێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دوایین پێشهاتە ئابووری و داراییەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو".
ئاماژەی بەوەشکرد، "نێردەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی چەندین پێوەری ئەرێنی دۆزیەوە کە پەیوەندییان بە ئابووری عێراقەوە هەیە، دیارترینیان گەشەی 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی غەیرە نەوتی لە ساڵی 2024دا بووە، کە بەهۆی گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵ و زیادبوونی خەرجییە گشتییەکانەوە بووە"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی "چاوەڕوانییەکان ئاماژەن بۆ بەردەوامی گەشەکردن بە ڕێژەی 4% لە ساڵی 2025دا".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی نەوت وابەستەی بڕیارەکانی ئۆپێک دەمێنێتەوە سەبارەت بە سەقفی بەرهەمهێنان و نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا.
سەبارەت بە کورتهێنانی دارایی، سامی ڕوونی کردەوە کە "کورتهێنان لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 5 ترلیۆن دینار، کە هاوتایە لەگەڵ 1.5%ی بەرهەمی ناوخۆیی، بەدەر لە دانەوەی قەرز و پارەدانی دواخراو بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و وزە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە ئاستێکی نزمە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێژەی قەرزی گشتی نییە، بەپێی خەمڵاندنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی".
وەزیری دارایی جەختی لە "پێویستی داڕشتنەوەی بانکە حکومییەکان کرد بۆ ئەوەی بتوانن ئامرازە داراییەکانی حکومەت هەڵبمژن و بازاڕ هان بدەن"، ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی دارایی بە هاوکاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی ڕاوێژکاری دەکات بۆ پشتگیریکردنی بەشی قەرزی گشتی ، ئەمە جگە لە دامەزراندنی کارمەندی نوێ بە پلەی پێشکەوتوو بۆ چالاککردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەرزە گشتیەکان و شیکاری دارایی".
ڕوونیشیکردەوە، "سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەکنیکی و ڕاوێژکاری بۆ عێراق، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی قەرزە گشتییەکان، چاکسازی لە باج، و دەستنیشانکردنی گونجاوترین سیستەمی باج بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی عێراق، لە ڕێگەی سەنتەری هاوکاری تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (METAC)". ڕوونیشیکردەوە، "شاندەکە و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی جەختیان لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بانکە پەیوەندیدارە بیانییەکان کردووەتەوە لە بواری دارایی بازرگانی دەرەکی، هەروەها پاڵپشتیکردنی بەکارهێنانی دیناری عێراقی لە مامەڵە ئابوورییەکاندا بۆ پاراستنی سەقامگیری دراوی ناوخۆیی".
