وەزیری دەرەوە جەخت لە گرنگیی هەنگاوەکانی داهاتوو دەکاتەوە کە پەیوەستن بە پێکهێنانی حکومەتەوە
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی کردەوە لە گرنگیی هەنگاوەکانی داهاتوو کە پەیوەستن بە پێکهێنانی حکومەتەوە.
ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوە، کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووه، ئاماژەی بەوە کردووە کە فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئیتاڵیا و بە ئامادەبوونی هەردوو هەڵسوڕێنەری کاروبار لەگەڵ کادیرانی هەردوو باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە ڕۆما و ڤاتیکان کۆبووەوە.
ڕاگەیەندراوەکە ئەوەشی خستەڕوو، کە وەزیری دەرەوە لە میانی دیدارەکەدا باسی لە دواین پێشهاتە سیاسییەکان لە عێراق کرد، بەتایبەتی پرۆسەی هەڵبژاردن، و ئاماژەی بە بەشداریکردنی فراوانی دەنگدەران و سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان کرد بەشێوەیەکی ڕەوان و ئاسان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هۆشیاریی هاوڵاتیان و پەرۆشییانە بۆ ڕێڕەوی دیموکراسی.
وەزیر جەختی کردەوە لەسەر "گرنگیی هەنگاوەکانی داهاتوو کە پەیوەستن بە پێکهێنانی حکومەتەوە، و پێویستیی بەردەوامبوون تێیدا بەپێی چوارچێوە دەستوورییەکان و بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستی گەلی عێراق بێت و سەقامگیریی سیاسی و دامەزراوەیی لە وڵاتدا بەهێز بکات.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشدا، کە وەزیر باسی لە گرنگیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئیتاڵیا کرد، و جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەهێزکردن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیریدا، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتی دۆست بکات
