وەزیری دەرەوە جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ڤاتیکان دەکاتەوە
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ڤاتیکان کردەوە.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، فوئاد حسێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بارەگای وەزارەت لە بەغدا، نامەی متمانەی باڵیۆزی دەوڵەتی ڤاتیکانی (نا نیشتەجێ) لە کۆماری عێراق، باڵیۆز مۆنسینیۆر میرۆسلاڤ ستانیسلاڤ فاخۆڤسکی وەرگرت.
ئاماژەی بەوەشدا، کە هەردوو لایەن گفتوگۆیان کرد لەسەر سەردانەکەی پێشووی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، و ئەو نیشانە مێژوویی و پەیامە ڕوونانەی بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی عێراق هەڵیگرتبوو، جەختیشیان کردەوە کە ئەو سەردانە پێگەی نێودەوڵەتیی عێراقی بەهێز کرد و ئاسۆی نوێی بۆ گفتوگۆ کردەوە و بەشداربوو لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی پێکەوەژیان و سەقامگیری لەناو وڵاتدا.
ڕوونیشیکردەوە، کە دیدارەکە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بوارەکانی هەماهەنگیی هاوبەشی تاوتوێ کرد، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر ژمارەیەک پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتیی جێی بایەخی هەردوولا.
وەزیر بەخێرهاتنی باڵیۆزە نوێیەکەی کرد، و جەختی کردەوە لەسەر پەرۆشیی وەزارەتی دەرەوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی پێویست بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکەکانی ڕاپەڕێنێت و ڕۆڵی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان کۆماری عێراق و کورسیی پیرۆز بەهێز بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی ڤاتیکان دەیبینێت لە پاڵپشتیکردنی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و چەسپاندنی بەهاکانی ئاشتی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە فرەیی لە عێراق و ناوچەکەدا.
لە لای خۆیەوە، باڵیۆز سڵاوی پیرۆزیی پاپا لیۆنی چواردەیەمی گەیاندە حکومەتی عێراقی و گەلی عێراق، و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دەستپێکردنی ئەرکەکانی لە بەغدا، و پەرۆشیی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هەماهەنگی لە بوارەکانی مرۆیی و ئایینی و ڕۆشنبیریدا
