وەزیری دەرەوە: ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا پەیوەندی بە ئاڵنگاریی ستراتیژی ئاوەوە هەیە
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە عێراق بەڵگەنامەیەکی لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئاو، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوە.
وەزیری دەرەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵ تورکیا لە بواری ئاودا، کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ئاماژەی بەوەدا کە: “رێککەوتن لەگەڵ تورکیا پەیوەندی بە تەحەددای ستراتیژی ئاوەوە هەیە”، جەختیشی لەوە کردەوە کە: “ئەم تەحەددایانە تەنها پەیوەندی بە کەمی ئاوەوە نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی هەڕەشەیەک دەکەن بۆ سەر کشتوکاڵ و ئابووری”.
ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانی کەشوهەوا دیاردەیە لەسەرتاسەری ناوچەکە، هەروەها لایەنی تورکی عێراقی لە پێویستی بەڕێوەبردنی ئاوە سنووربەزێنەکان ئاگادارکردەوە.
حسێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە: "لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەزاران دەریاچەی ماسی لەسەر کەناری ڕووبارەکان دروست کراون، زۆربەیان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی، هەنگاوی سەرەتاییش هەن بۆ شرینیکردنەوە و چارەسەرکردنی ئاوەکە".
هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری دروستکردنی بەنداو بۆ کۆنترۆڵکردنی بەڕێوەبردنی ئاو کرد، ڕوونی کردەوە کە ڕێککەوتنی چوارچێوەی نێوان عێراق و تورکیا میکانیزمی دارایی و ڕەهەندی سیاسیی هەیە، هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتنە و ڕێککەوتنێکی فەرمی نییە، و پێویستی بە ڕەزامەندی دەسەڵاتی یاسادانان نییە.
