وەزیری دەرەوەی سوریا: هاوبەشی بەهێز لەگەڵ عێراق و سوریا بەشدار دەبێت لە بنیاتنانی ناوچەکە
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە هاوبەشییەکی بەهێز نێوان عێراق و سوریا بەشدار دەبێت لە بنیاتنانی ناوچەکە.
شەیبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاند: هاوبەشیی بەهێزی عێراق و سووریا بەشدار دەبێت لە بنیاتنانی ناوچەکەدا، جەختیشیکردەوە: ”حکومەتی سووریا جدییە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سوریا هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەنێت"، "ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ عێراق لە شەڕی دژی داعشی تیرۆریستی" دەربڕی.
شەیبانی ڕوونیشیکردەوە، "ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە سوریا و عێراق پێکەوە بوەستن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیان بکەن".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە سوریا و عێراق هاوکاری بکەن بۆ ڕەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی کە زلهێزە دەرەکییەکان بییانەوێت خواستی خۆیان بەسەرمان بسەپێنن.
