وەزیری ژینگە و باڵیۆزی چیک تاوتوێی ڕێگاکانی هاوکاری لە بواری پیسبوونی ئاو و بەڕێوەبردنی پاشماوەکان دەکەن
ئەمڕۆ دووشەممە، هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگە، لەگەڵ یان شنایداوف باڵیۆزی چیک لە بەغدا، گفتوگۆی لەبارەی ڕێگاکانی هاریکاری لە بواری پیسبوونی ئاو و هەوا و بەڕێوەبردنی پاشماوە کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ژینگەدا هاتووە، "هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگە پێشوازی لە باڵیۆزی چیک لە بەغدا، یان شنایداوف کرد، بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی هاریکاری هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ژینگەییەکان و بەهێزکردنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لەبوارە ژینگەییە جیاوازەکان."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "هەردوولا باسیان لە میکانیزمەکانی هاوکاری لە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە پیسبوون، بەڕێوەبردنی پاشماوەی بەردەوام، و ڕێگاکانی کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا، جگە لە سود وەرگرتن لە شارەزایی چیک لە بواری بازاڕەکانی کاربۆن و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان لە جێبەجێکردنی چارەسەرییەکانی ژینگەی مۆدێرن".
وەزیری ژینگە جەختی لە پەرۆشی حکومەتی عێراق کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری نێودەوڵەتی بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و سوودمەندبوون لە ئەزموونە ژینگەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، لەوانە کۆماری چیک، بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ژینگەییەکان کە لە زیادبووندان.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "باڵیۆزی چیک، لای خۆیەوە، ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە بوارە جیاوازەکانی ژینگەدا"، ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی چیک هەوڵدەدات پردی هاوکاری لە کەرتی ژینگەدا دروستبکات، هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی عێراق لە پرۆژەکانی ژێرخان وپێشکەوتنی تەلاسازیدا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا، ڕاوێژکاری تەکنیکی وەزارەت، عەمار جابر عەتا، و بەڕێوەبەری گشتیی بەشی هۆشیاری و ڕاگەیاندنی ژینگە، ئەمیر عەلی حەسون ئامادەبوون".
