٦٠ ڕۆژ مۆڵەت دەداتە قوتابخانە ئەهلییەکان بۆ لابردنی ساندویچ پانێڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری پەروەردە ئیبراهیم نامس جبوری، ٦٠ ڕۆژی مۆڵەتی دا بە دامەزراوە ئەهلییەکان بۆ لابردنی "ساندویچ پانێڵ هاوکات بڕیاردرا لیژنەی بەدواداچوون پێکبهێنرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردە دا هاتووە: "بۆ پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و ستافی پەروەردەیی، وەزیری پەروەردە ماوەیەک کە لە (٦٠) ڕۆژ تێپەڕ نەکات، دەداتە سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییە ئەهلییەکان بۆ لابردنی تەختەی "ساندویچ پانێڵ" یان هەر ماددەیەکی تری خێرا گڕگرتوو لە باڵەخانەی قوتابخانەکاندا، ئەمەش دوای دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی پەیوەست بەم جۆرە ماددانەی بیناسازی.
هەروەها وەزیر فەرمانی کرد بە پێكهێنانی لیژنەی بەدواداچوونی بەپەلە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خوێندنی گشتی، کە سەرپەرشتیی پرۆسەی لابردنەکە دەکەن و چاودێریی پابەندبوونی قوتابخانەکان بە ڕێنماییەکانەوە دەکەن، لەگەڵ دەرکردنی فەرمانی داخستن بۆ ئەو دامەزراوانەی سەرپێچیی ڕێنماییەکان دەکەن.."
وتیشی: "ئەم هەنگاوە بە یەکێک لە هەنگاوە خۆپارێزییەکان دادەنرێت کە وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆ گرتوویەتیەبەر، بۆ بەهێزکردنی متمانە بە سیستەمی پەروەردە و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ قوتابخانەکان ، کە کۆمەڵگەی پەروەردەیی لە ڕووداوە لەناکاوەکان دەپارێزێت ،."
