پارتی لەبارەی هەڵبژاردنەوەی هۆشداری دەدات؛ گۆڕینی ئەنجامەكان قبوڵ ناكەین
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری لە دەستوەردان لە ئەنجامی ھەڵبژاردن دەدات دەڵێت، "بەھیچ شێوەیەک گۆڕینی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبوڵکراو نییە و بە ھێڵی سوری دادەنێین". دەشڵێت، "بە هەر كارێكی لەو شێوەیە، ھەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت".
مەکتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ لە کەش و ھەوایەکی دیموکراسیانە و ئازادانە و بە ڕێکوپێکی و شەفافانە ئەنجامدرا و، لیست و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدی کۆتاکان بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان و ڕێنماییەکان بەشدارییان کرد. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان ئەنجامی کۆتایی بەشێوەیەکی فەرمی ڕاگەیاند.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین کە ھەواڵێک ھەیە بۆ دەستوەردان لە ئەنجامی ھەڵبژاردن، بەتایبەتی کۆتاکان و گۆڕینی ئەنجامەکان! ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەھیچ شێوەیەک دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبوڵکراو نییە و، بە ھێڵی سوری دادەنێین.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی پارتی، "لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانکاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانەوە، ھەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت".
