پارتی هەدەپ لە تورکیا کورتکراوەی ناوەکەی دەگۆڕێت
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-هەدەپى توركیا لەسەر داوای دادگای باڵای تورکیا کورتکراوەی ناوەکەی دەگۆڕێت.
عایشەگول دۆغان، وتەبێژی هەدەپ، ئەمڕۆ هەینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بینای پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە ئاداری 2024 دەکرێت مەترسی بۆ سەر پارتەکەیان دروست نەبێت، پابەند دەبن بە داواکاری دادگای باڵای تورکیا لەبارەی گۆڕینی کورتکراوەی ناوی پارتەکەمان، بەڵام ناوی پارتەکە ناگۆڕن.
ئەمە لەکاتێکدایە دادگای باڵای تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2023 لە نووسراوێکدا کە بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-هەدەپ رەوانەی کرد، ئاماژەی بەوەدابوو کە ناوی HEDEP بەهۆی لێکچوونی لەگەڵ 'HADEP' ناتوانرێت بەکاربهێنرێت و داوای کردووە کە کورتکراوەی HEDEP بگۆڕدرێت.
دادگای باڵا ئاماژەی بەوەدا کە هیچ کێشەیەک لە ناوی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلاندا نییە، بەڵام کورتکراوەی HEDEP هاوشێوەی هادەپە کە پێشتر داخراوە. لەو نامەیەدا کە بۆ حیزبەکەی ناردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم لێکچوونە دژی یاسای حیزبە سیاسییەکانە، بۆیە پێویستە کورتکراوەی HEDEP بگۆڕدرێت.
