پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە ڕاگەیاند
پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوە "خۆکوژیی"ـەکەی ئەمڕۆی بەردەم وەزارەتی نێوخۆی تورکیا ڕاگەیاند.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە (باڵی چەکداری پەکەکە) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "هێرشەکەی بەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن تیمی فیدایی نەمران کراوە"، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێرشەکە وەکو ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو بەڕێوەچوو، هەروەها ئاکەپە و مەهەپە زەرەر و زیانەکانی خۆیان لە ڕای گشتی دەشارنەوە، کەتیبەی فیدایی نەمران دەیانتوانی بە گۆڕانکارییەکی بچووک لە کاتی چالاکییەکە ئەنجامی جیاوازتر بپێکین، بەڵام بە مەبەست ویستیان بەوجۆرە چالاکییەکە بکەن و پەیامێک بەو دامەزراوەیە بدەن".
لە راگەیێندراوەکەدا هەپەگە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم چالاکییە بەرپەرچدانەوەی تاڵانکاری و کۆمەڵکوژیی فاشیزمانەیە لە رۆژئاوای کوردستان، هاوکات وەڵامێکە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا، ئەم چالاکییە بەتایبەتی لە رۆژی کرانەوەی پەرلەمان لەلایەن هەردوو گەریلا (رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین) ئەنجامدراوە".
