پارێزگاری نەینەوا قایمقامی قەزای مەخمووری لە پۆستی لابرد و بڕیارە یەکێتیی لەو پۆستە کاربکات
ڕۆژی سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، بەبڕیاری پارێزگاری موسڵ بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان لە پۆستەکانیان بەخشران و جێگری مەڵبەندی 20ـی رێکخستنی قەرەچوغ- یش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت:" یەکێتی پۆستی قائیمقامیەتی مەخموور وەردەگرێت".
رەشاد گەڵاڵی، جێگری مەڵبەندی 20ـی رێکخستنی قەرەچوغ یەکێتیی لە لێدوانێکی میدیایدا رایگەیاند:" لە ئێستادا هەر 14 بەرپرسە ئیدارییەکە بە بڕیاری پارێزگار لە پۆستەکانیان بەخشراون و لادراون، بە بڕیارێکی دیکەش کەسانی دیکە لە جێگەیان دەستبەکار دەبن".
فەرمانەکە زۆر گرنگە،چونکە دوای رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایانەیە کە دژ بە پۆستەکانی موسڵ لە دادگا تۆمار کرابوون، دوای رەتکردنەوەشیان پارێزگاری موسڵ بڕیاری دەرکرد کە هەر 14 بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان لە پۆستەکانیان ببەخشرێن، رەشاد گەڵاڵی وایوت.
جێگری مەڵبەندی 20ی رێکخستنی قەرەچوغی یەکێتیی راشیگەیاند:" ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان دەربکرێت، بەپێی رێکەوتنی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، قائیمقامیەتی مەخمور پشکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە و سەردار سیامەند ئەو پۆستە وەردەگرێت، کە ئێستا بەرپرسی مەڵبەندی قەرەچوغە".
ناوەندی قەزای مەخموور بەدووری 65 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری ھەولێر و ناحیەکانی قەراج و گوێر و کەندیناوە لەخۆدەگرێت و لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە.
