پزیشكیان: قۆناغەکانی جێبەجێکردنی وێستگە ئەتۆمیەكان بەباشی بەرەوپێش دەچێت،
مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، قۆناغەکانی جێبەجێکردنی وێستگە ئەتۆمیەكان بەباشی بەرەوپێش دەچێت، ئەمڕۆ ڕێککەوتنەکان لەو بارەیەوە واژۆ دەکرێن هەروەها پلانی ستراتیژی تۆکمە لەنێوان هەردو وڵات واژۆ دەکرێت و پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی، ڕۆشنبیری و ئەمنیدا فراوانتر دەکەین، دەشڵێت،" ناوچەكە لە لایەن حکومەتەکانی خۆیانەوە بەڕێوەببرێن و پێویست ناکات لەو پەڕی دونیاوە بێن و ناوچەکە پەکبخەن".
مەسعود پزیشكیان، ئەمڕۆ هەینی لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی ڕوسیا لە مۆسكۆ ڕایگەیاند، "پێش ئەم سەفەرە چومە خزمەت ڕێبەری شۆڕش، سڵاوێکی تایبەتی هەبو، جەختیان لەوەکردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕوسیا قوڵتر بکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندییەکانیان سەبارەت بە ناوچەكە و پرسە دوقۆڵییەکان زیاتر دەبێت و پەیوەندییە ئابوری و بازرگانی و کولتورییەکان پتەوتر دەكەن.
مەسعود پزیشكیان باسی لەوەشكرد، "ئەمڕۆ پلانی ستراتیژی تۆکمە لەنێوان هەردو وڵات واژۆ دەکرێت و پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی، ڕۆشنبیری و ئەمنیدا فراوانتر دەکەین. ئێمە سورین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی پێشو. بەربەستەکانی بەردەم بەدیهێنانی ئەو ڕێککەوتنانەمان لابردوە".
ئەوەشیخستەڕو، "قۆناغەکانی جێبەجێکردنی وێستگە ئەتۆمیەكان بەباشی بەرەوپێش دەچێت، ئەمڕۆ ڕێککەوتنەکان لەو بارەیەوە واژۆ دەکرێن، هەوڵمان داوە هەمو کێشە و گرفتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات لە وڵاتەکەماندا نەهێڵین. ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ڕوسیا بە هەستیار و ستراتیژی دەزانین و بە توندی لەسەر ئەم ڕێگایە وەستاوین".
مەسعود پزیشكیان ڕونیكردەوە، "باوەڕمان وایە پێویستە ناوچەكە لە لایەن حکومەتەکانی خۆیانەوە بەڕێوەببرێن، پێویست ناکات لەو پەڕی دونیاوە بێن و ناوچەکە پەکبخەن و سیاسەتەکانیان جێبەجێ بکەن. ئەم پەیوەندیانە پلانەکەیان پوچەڵ دەكاتەوە".
