پوتن ژمارەی سەربازانی ڕووسی کە لە بەرەکانی ئۆکرانیا دەجەنگن ئاشکرا کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ژمارەی سەربازانی ڕووسی کە لە بەرەکانی ئۆکرانیا دەجەنگن ئاشکرا کرد وتیشی زیاتر لە 700 هەزار سەرباز بەشداری لە شەڕەکەی ئۆکرانیا دەکەن.
پوتن ئەمەی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە لە تەلەفزیۆنەوە پەخشکرا و کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارە باڵاکانی کۆکردبووەوە، ڕوونیکردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، وەک ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، تاوتوێی دۆسیەی تایبەتمەندییەکانی سەربازە دێرینەکان و ڕێگاکانی یەکخستنی بەشداربووان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کرا.
لێدوانەکانی سەرۆکی ڕووسیا لە کاتێکدایە کە گۆڕەپانی شەڕەکان شایەتی نوێبوونەوەی پێکدادانە لە چەندین قۆڵەوە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامداوە و چەند خاڵێکیان لە هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتدا کۆنترۆڵکردووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ جیاوازی لە داتا و زانیارییەکانی کۆنترۆڵکردنی مەیدانی لە نێوان هەردوو لادا.
