پژاک: دژە تیرۆری پارتی ڕەزامەندی دەوڵەتی تورکیا لە گیانی مرۆڤەکان گرنگترە
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵێکی دەزگای دژە تیرۆر بە درۆخست و ڕوونیکردەوە، "دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەزگای دژە تیرۆری پارتی هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە گوایە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ئاوایی زەنگی دەری سەر بە سنووری پێنجوێن سێ گەریلا شەهید بوون"، هاتووەش، وێڕای بەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵە، پێویستە سەرنج بۆ سەر هەندێ لە کارەکانی ئەو دەزگا بەدناوە ڕابکێشین.
پژاک لە ڕوونکردنەوەیەکەدا ڕایگەیاند، "لە ڕێکەوتی 11ـی ئەو مانگەدا دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیادا لە ڕێگەی پێنجوێن بۆ ناڵپارێز، سێ هاووڵاتی عەرەبی خەڵکی موسڵ کە لە دهۆک نیشتەجێ بوون و کارمەندی ئاسیاسێڵ بوون شەهید بوون"، جەختی کردەوە، کە "دەزگای بە ناو دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند ئەوانە گەریلا بوونە، کەچی بە ڕوونکردنەوەی فەرمی کۆمپانیای ئاسیاسێل ئەو دەزگایە بەدرۆ کەوتەوە و دەرکەوت کە بۆ دژە تیرۆری پارتی ڕەزامەندی دەوڵەتی تورکیا لە گیانی مرۆڤەکان گرنگترە".
لە تەواوی پەیامەکەی پژاک هاتووە، "دەزگای بە ناو دژە تیرۆری پارتی کە وەک مافیایەک دەستی لە سەرکوتی خەڵک ناپارێزێ و دەستی لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و بە تایبەت چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووساندا هەیە، هاوتەریبی ئەو کردەوانەی، وەک وتەبێژی دەزگای سیخوڕی میتی تورکییە دەجوڵێتەوە". ئەو ناوەندە مافیاییە دوای هەر هێرشێکی دوژمن، دەستبەجێ هەواڵەکەی بڵاو دەکاتەوە و هەندێ جار لە کاتی وەکوو دیدارەکەی هاکان فیدان لە عێراق و باشووری کوردستان، هەواڵی چەوت و درۆ بڵاو دەکاتەوە کەچی ڕێک لەو کاتەدا بەهۆی هێرشی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا مەرتەع و باخ و ڕەزەکانی پێنجوێن ئاگریان گرتبوو و پێویست بوو هەموو لایەن بەهانای خەڵکەوە بچن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەڵام ئەوە نەک تەنیا بایەخیان پێ نەدا، بەڵکوو وەک بەشێک لە دەزگای میتی تورکیا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەوت و ناڕاست، بۆیە پێویستە گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو دەزگایە هۆشیار بێ.
لە دەقی پەیامەکەی پژاک هاتووەش، "هەرچەندە ئەوە چاوەڕوانکراو بوو و هەموو دەزانن کە ئەوە دەزگای حیزبێکە کە لە دانیشتنەکانی دوای ئاشبەتاڵ لە جیاتی وێنەی شەهیدانی ڕێگەی شۆڕشی کوردستان، وێنەی خومەینییان لە شوێنی کۆبوونەوەکان هەڵواسیبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هەواڵەکە لەسەر زاری دەزگایەکی وەها لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو بۆتەوە، بە پێویستمان زانی کە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بدەین"، ئێمە ڕایدەگەیێنین ئەو دەزگایە بۆتە بەشێک لە دەزگای تیرۆریستی میت و وەک دەزگای هەواڵنێرییەکی سەر بە میت کار دەکات و تەمرین و ڕاهینانی جۆرێکی نوێ لە بەکرێگیراوی دەبینێ، هەر بۆیە داوامان لە دەزگای ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکان هەیە ئاستی خۆیان نەهێننە ئاستی دەزگای تیرۆریستی بە ناو دژە تیرۆری پارتی و ئەگەر بە ناچاریش پێویستە قسەکانی ئەوان بڵاو بکەنەوە، پێویستە بەردەوام جەخت بکەنەوە کە هەواڵەکانی ئەو دەزگایە گومانی لەسەرە، ئەوە پێویستیی ڕاگەیاندنێکی ڕاستەقینە و ئەخلاقی ڕۆژنامەوانیی پیشەیە بەڵام ئەوە ڕێگر نییە لە پشتیوانی تێکۆشانێکی بە حەق، شێوازێکی پشتیوانی لە ئێمە دەکرێ بە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاستی دوژمنانی تیرۆریست بێ دەرحەقی ئێمە و ئەوەش لە بەرامبەر پیشەی ڕۆژنامەوانی بەربەست نییە.
پژاک لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، "ئێمە لە شۆڕشداین و بەردەوام هەموو هەواڵە خۆش و ناخۆشەکانی تێکۆشانمان بە زووترین کات بە ڕای گشتی و گەلەکەمان ڕادەگەیەنین، بۆیە داوامان لە گەلەکەمان ئەوەیە بە بیستنی هەر هەواڵێک، بە سەبرەوە چاوەڕوانی ئەوە بکەن کە ڕاگەیاندنەکانی ئێمە هەواڵەکە پشتڕاست یان بەدرۆی بخەنەوە".
