پۆلیس دەستگیرکردنی تۆمەتباری دزینی ماتۆڕی یوتیوبەرێکی بیانی لە شاری هەولێر ڕاگەیاند
پۆلیس دەستگیرکردنی تۆمەتباری دزینی ماتۆڕی یوتیوبەرێکی بیانی لە هەولێر ڕاگەیاند.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، کە ئافرەتێکی بە ڕەچەڵەک هۆڵەندی کەوا وەکو گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و لە ڕێککەوتی (16-11-2024) لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شەقامی (شەست مەتری) لە شاری هەولێر ماتۆڕسکیلەکەی دزراوە، پاش ئاگادارکردنەوەمان دەستبەجێ تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
پۆلیسی هەولێر ڕاشیگەیاندبوو، دوای بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری، توانیمان لەماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا ماتۆڕسکیلەکەی بۆ بدۆزینەوە، لە کاتێکدا چەند مەترێک لە شوێنی مانەوەی دوور خرابووەوە و ماتۆڕسکیلەکەی لەکار کەوتبوو، دەرکەوت کە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی (ک. ر. م) ئەو ماتۆڕسکیلە دزارابوو، بۆیە تۆمەتباری ناوهاتوو بە تۆمەتی دزینی ئەو ماتۆڕسکیلە دەستگیرکرا و ماتۆڕسکیلەکەش ڕادەستی خاوەنەکەی کرایەوە.
پۆلیس دەشڵێت: خاون ماتۆرەکە هیچ سکاڵایەکی یاسایی تۆمار نەکردووە و لێکۆڵینەوەی پۆلیسیش سەبارەت بەو ڕووداوە بەردەوامە.
