پۆلیسی ئیتاڵیا گروپێکی قاچاغی دەستگیرکرد کە تاوانبارن بە گواستنەوەی هەزاران کۆچبەر
پۆلیسی ئیتاڵیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند 29 کەسیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی سەر بە تۆڕێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە تورکیا و یۆنانەوە بۆ باکوری ئەوروپا لە ڕێگەی ئیتاڵیاوە.
بەگوێرەی پۆلیسی کالەبریا لە باشوری نیمچە دوورگەکە، ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ساڵی 2018 دەستیپێکردووە و ڕێگەی بە ئاشکراکردنی "گروپێکی تاوانکاری" داوە کە لقەکانی لە یۆنان و ئیتاڵیا و تورکیا چالاکن، کاربەدەستێکی باڵای پۆلیسی ئیتاڵیا "فرانشیسکۆ میسینا" وتی، "ئیتاڵیا لێکۆڵینەوەی کردووە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ئینتەرپۆڵ و یۆرۆپۆل و تورکیا و یۆنان و بەلجیکا و ئەڵمانیا و سویسرا و بەریتانیا و مەغریب".
پۆلیس لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، "کۆچبەرەکان حەوت بۆ 15 هەزار یۆرۆیان داوە بۆ گەشتەکانیان بۆ ئەوروپا و ئەو بڕە پارەیە دەدەن بە لقی ڕێکخراوە تاوانکارییەکە لە ئاکسارەی ناوەندی تورکیا، کە دەیانگوازنەوە بۆ یۆنان بەتایبەتی بۆ بەندەری سالۆنیکی و دواتر بۆ ئەسینا و پاتراس کە بە بەلەمی دەریاوانی گواستراونەتەوە"، هەروەها کۆچبەران ڕاستەوخۆ لە کەناراوەکانی تورکیاوە دەگوازرێنەوە بۆ باشووری ئیتاڵیا.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، ئەمەش چوار ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە کە گەیشتووەتە ئیتاڵیا لە ساڵی ڕابردوودا.
