پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە پووری خۆی خنکاندبوو و هەڵاتبوو
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندووە، لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن و بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری حكومەتی فیدراڵ، لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێ تۆمەتبارێک دەستگیركرا.
پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونکردنەوەی تاوانەکە داوە و دەڵێت، دوای ئەوەی لە ڕۆژی 17ـی 8ـی 2023 ژنێک لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی بە خنكاوی دۆزرایەوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دەركەوت لەلایەن خزمێكی خۆیەوە كوژراوەو بكوژەكەش بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە، لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو، تا ئەو كاتەی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبار دۆزرایەوە و توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن و بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری حكومەتی فیدراڵ تۆمەتبار لە شاری عەممارەی باشووری عێراق دەستگیربكرێت.
پۆلیس دەڵێت: لەئێستادا تۆمەتبار (ك ،ع، ف، بە ناسنامە عەرەب، لەدایكبووی 2006) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بە تاوانەكەیدا، كە تۆمەتبار لە پارێزگای عەممارەوە هاتووەتە شاری سلێمانی و لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی هەستاوە بە خنكاندنی پوری خۆی.
