پێزانینی تایبەتی ئێران بۆ تۆڕی میدیایی عێراقی بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوە هەستیارەکان
دەزگای ئێزگە وتەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە سوپاسی تۆڕی میدیایی عێراقی و کەریم حەمادی سەرۆکی تۆڕەکە کرد بۆ ڕووماڵکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
لە بەیاننامەیەكدا كە دەستی موتەڵع کەوتووە، بەڕێوەبەری دەزگای رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران لە عێراق، دەڵێت: سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانە ئاراستەی كەریم حەمادی سەرۆكی تۆڕەكە و سەرجەم كادیرانی تۆڕی میدیایی عێراقی دەكات بۆ هەوڵە بەرێزەكانی میدیایی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕووماڵكردنی دەستدرێژییە دڕندەكانی زایۆنی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران.
رونیشیكردەوە: ڕووماڵە بەردەوام و كاریگەرەكانتان بە تایبەت لە ڕێگەی كەناڵە هەواڵییەكان و پەیامنێری تۆڕەكە لە تارانەوە و بەرنامە ڕاستەوخۆكانی دەزگاكەتان، كاریگەرییەكی بەرچاویان لە ئاشكراكردنی تاوانەكانی داگیركاریی زایۆنی هەبووە و لەم قۆناغە هەستیارەدا پشتیوانییەكی گەورە یوون بۆ ئێمە.
وتیشی: داواكارین لە خودای گەورە سەركەوتنی بەردەوامتان پێ ببەخشێت، هەروەها بۆ ئەوەی تۆڕی میدیایی عێراق بەردەوام بێت لە درەوشاوەیی و پێشكەوتن لە جێبەجێكردنی ئەركی میدیایی نیشتمانی خۆیدا.

