پەرلەمان بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک دەدات بۆ چارەسەرکردنی مەلەفی لیژنەکانی پەرلەمان
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە سەرۆک فراکسیۆنەکان پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوی کاندیدەکان بۆ لیژنە پەرلەمانییەکان.
لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەراندا کە دەست ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: "سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران لە هۆڵی دەستوور کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان ئەنجامدا؛ بە مەبەستی دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ بەهێزکردنی ئەدای یاسادانان و چاودێری لە خولی شەشەمی پەرلەماندا، هەروەها تاوتوێکردنی میکانیزمی پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکان بەپێی پێوەرەکانی لێهاتوویی و پسپۆڕی، و خشتەبەندی کردنی ئەو یاسایانەی پێشنیار کراون، بە جۆرێک کە گەشەپێدانی ڕۆڵی دامەزراوەی یاسادانان و بەهێزکردنی کارە چاودێرییەکانی مسۆگەر بکات".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر پەلەکردن لە پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدەکانی فراکسیۆنەکان بۆ لیژنە کاتییەکان، و ڕەچاوکردنی ئەزموون و پسپۆڕی و لێهاتوویی لە کاتی هەڵبژاردندا، بەو مەرجەی بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی کارەکانیان بکات تا کاتی پێکهێنانی حکومەت، لەگەڵ پێویستی دابینکردنی نیسابی یاسایی تێیاندا بۆ تاوتوێکردنی پێشنیار و پڕۆژە یاساکان، و پێدانی ئەولەویەت بەو یاسایانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە کاتی کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن کرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان و ژمارەیەک لە سەرۆک فراکسیۆنەکان؛ بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوی کاندیدەکان و یەکلاکردنەوەی دابەشکردنیان بەسەر لیژنەکاندا، و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی تەواوکردنی ئەم مەلەفە لە زووترین کاتدا بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی لیژنەکان و چالاککردنی ئەدای چاودێری، جگە لە لێکتێگەیشتن لەسەر خستنەڕووی کارنامەیەکی مانگانە بۆ دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران".
