پەرلەمانتارێک: دەستبهسهركردنی ڕاکان جبوری لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە بووە کە لەلایەن دەزگای چاودێری فیدراڵییەوە دەرچووە
ئهندامێكی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق ئاماژه بهوه دهكات، دەستبهسهركردنی پارێزگاری پێشووی کەرکووک لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانە بووە کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی چاودێری فیدراڵییەوە دەرچووە، نەک لە ئەنجامی سکاڵاکانی لایەنە سیاسییەکان یان کەسایەتییەکان.
دووشهممه، 21ـی نیسانی 2025، کەریم شکوور، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق جهختی كردهوه، دەستبهسهركردنی ڕاکان سەعید جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک لەسەر بنەمای تۆمەتەکانی پەیوەست بە بهفیڕۆدانی سامانی گشتی و خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵیی بووه لە ماوەی بهڕێوهبردنی پۆستهكهیدا.
کەریم شکوور ئاماژەی بەوەش کرد، بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوە له ڕاکان جبووری لەلایەن دادگاوە لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانە بووە کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی چاودێریی فیدراڵییەوە دەرچووە و دەرئەنجامی داوای یاسایی یان سکاڵا نەبووە کە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان یان کەسایەتییەکانەوە تۆمار کراوە.
