پەرلەمانتارێکی عەرەب بۆ ئومێد خۆشناو: پێڵاوی بچووکترین ئەندامی عەشیرەتم بەسمێڵەکەت ناگۆڕمەوە
پەرلەمانتار یوسف کیلابی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بۆ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر نوسیویەتی: "بەو پێیەی تۆ گاڵتە بە ناوی عەشیرەتەکەم دەکەیت، پێت دەڵێم:
(پێڵاوی بچووکترین کیلابی بەتۆ و بەسمێڵەکەت ناگۆڕمەوە)".
زانیاری زیاتر...
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە مامۆستایانی مانگرتوو و ناڕازی بەرەو شاری هەولێر بەڕێککەوتن بۆ گەیاندنی دەنگیان و بڕیاریان دابوو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم خۆپشاندان بکەن.
بەڵام لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێری پایتەخت و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگریان لێکرا و ئومێد خۆشناو، ئەندامی پارتی و پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەوانان بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە گوتوویەتی: "هەولێر تاقەتی نییە پێشوازی لە میوانی ڕەزاگران بکات و پێشوازی لەو جۆرە کەسانە بکات"، ئەوەش وەک ئاماژە بۆ مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی کە بڕیاربوو درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن و بەرەو هەولێر بڕۆن، بۆ داواکردنی مافەکانیان و چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی مووچەو شایستە داراییەکانیان، هەروەها لە لێدوانەکەی هێرشی کردەسەر عەشیرەتی کیلابی عەرەب، کە پەرلەمانتار یوسف کیلابی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو عەشیرتە، بەهۆی ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە پشتیوانی بۆ مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی دەربڕیوو.
ئەمەش لەکاتێکدا، ماوەی 13 ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و تەندروستی هەندێکیان خراپە و بەردەوامن لە خۆپشاندان.

