پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بۆ هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی پەروەردە
پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بۆ هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی پەروەردە ژمارە ٢٢ـی ساڵی ٢٠١١، كە چەند بڕگەیەك لەخۆدەگرێت و لە خزمەتی مامۆستایانە، گرنگترینیان زیادكردنی دەرماڵەی پیشەییە لە ١٥٠ هەزارەوە بۆ ٣٠٠ هەزار، هەروەها كادیرانی پەروەردە پارچە زەوییان پێدەدرێت و ئەوانەشی لە گوندەكان مامۆستان خزمەتیان بە دوو بەرامبەر بۆ هەژمار دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ـی ئابی ٢٠٢٥، پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دانیشتنی هەیە و یەكێك لە بڕگەكان هەمواری یاسای وەزارەتی پەروەردەیە ژمارە ٢٢ـی ساڵی ٢٠١١، كە دەنگی پێدرا و پەسند كرا.
بەپێی راگەیاندراوی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان، یاساكە ئەو بڕگانە لەخۆدەگرێت:
١- زیادکردنی دەرماڵەی پیشەیی بۆ مامۆستایان (بنەڕەتی و ئامادەیی) لە ١٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٣٠٠ هەزار دینار، لە هەنگاوێکدا بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و بەرز نرخاندنی هەوڵە پەروەردەییەکان.
٢- زیادکردنی ماددەیەکی یاسایی کە تێیدا هاتووە خزمەتی مامۆستا لە ناوچە گوندنشینەکان دوو هێندە زیاد بکرێت بۆ مەبەستی خانەنشینی، بە ئامانجی هاندانی کارمەندان بۆ کارکردن لە ناوچە دوورەدەستەکان و پڕکردنەوەی کەموکورتییەکان لەوێ.
٣- دامەزراندنی ماوەی وانەبێژ و کارگێڕان کە گرێبەستی ساڵی ٢٠٢٠ـیان هەیە، کە نوێنەرایەتی سەقامگیری کار دەکات بۆ بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی کە لە ساڵانی پێشوودا خزمەتگوزاری خۆبەخشی یان گرێبەستی کاتییان پێشکەش کردووە.
٤- پێدانی مووچەی خاوەن گرێبەستە پەروەردەییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ دڵنیابوون لە شایستە داراییەکانیان و بتوانن بەبێ دواکەوتن و پەراوێزخستن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
٥- بەشداریکردنی هەموو کارمەندانی پەروەردەیی لە وەرگرتنی پارچە زەوی بۆ نیشتەجێبوون، هاوشێوەی ئەو توێژانەی تر کە دەستپێشخەرییەکانی نیشتەجێکردنی حکومەت دەیانگرێتەوە.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست بە جێبەجێکردنی ئەو بڕگانە بکەن، ئەمەش بە پێی ئەو میکانیزم و رێکارانەی کە لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە رادەگەیەنرێن.
