چاد ڕێککەوتنی هاوکاری ئەمنی و بەرگری لەگەڵ فەڕەنسا هەڵوەشاندەوە
وەزیری دەرەوەی وڵاتی چاد لە ئەفریقیا، عەبدولڕەحمان غولامولڵا ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی ڕێککەوتنی هاوکاری ئەمنی و بەرگری لەگەڵ فەڕەنسا هەڵوەشاندەوە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەهات کە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ژان نۆئێل بارۆ سەردانی نجامینای پایتەختی چاد کرد.
غولامولڵا لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتەکەی لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: "حکومەتی کۆماری چاد ڕای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئاگادار دەکاتەوە لە بڕیارەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی هاوکاری بەرگری کە لەگەڵ کۆماری فەرەنسا واژۆکرابوو".
وەزیری دەرەوەی چاد لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان گوتوویەتی: "ئەم بڕیارە ناکۆکی نییە لەگەل فەرەنسا"، هەروەها گوتی: "ئەم بڕیارە دوای شیکردنەوەیەکی قووڵ دراوە، وەرچەرخانێکی مێژوویی نیشان دەدات".
گوتیشی: دوای 66 ساڵ لە ڕاگەیاندنی کۆماری چاد، کاتی ئەوە هاتووە چاد سەروەری تەواوی خۆی بسەپێنێت و هاوبەشییە ستراتیژییەکانی لەسەر بنەمای ئەولەویاتی نیشتمانی پێناسە بکات.
شایەنی باسە، تاوەکو ساڵی 2021، فەرەنسا زیاتر لە 5000 سەربازی لە ناوچەی کەناری ئەفریقی هەبوو وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە (بەرخان) بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە چەکدارەکان، بەڵام پاریس وردە وردە لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی وڵاتی مالی لە ساڵی 2021، بورکینا فاسۆ لە 2022 و نەیجەر لە 2023 هێزەکانی لەو وڵاتانە کشاندەوە.

