ڕاوێژکاری خامەنەیی: ئەمەریکا دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران وەک فێڵێک بۆ هەڵخەڵەتاندنمان بەکار هێنا
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشکرای کرد،ئەمەریکا دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران وەک فێڵێک بۆ هەڵخەڵەتاندنمان بەکار هێنا، لە کاتێکدا لەگەڵ ئیسرائیل هەماهەنگیی هەبوو بۆ هێرش کردنە سەرمان.
یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئسیلامیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی: ئەو شەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، تەلەفۆنیان بۆکردم و پێیان گوتم 12 کاتژمێر کاتت هەیە بۆ ئەوەی ئێران جێبهێڵی، ئەگەرنا دەکوژرێێ.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، من دەمزانی ئەوان لە کوێوە پەیوەندی دەکەن و بە جۆرێک وەڵامم دانەوە کە شایەنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بێت.
ڕاوێژکاری خامنەیی، دەڵێت: ئیسرائیل و ئەمەریکا لەم جەنگەدا، پێیان وابوو دانیشتووانی ئێران لەگەڵ یەکەم دەرفەتدا واز لە پشتیوانیی حکوومەت دەهێنن و خۆیان ڕادەست دەکەن.
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەمەریکا دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران وەک فێڵێک بۆ هەڵخەڵەتاندنمان بەکار هێنا، لە کاتێکدا لەگەڵ ئیسرائیل هەماهەنگیی هەبوو بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتەکەمان.
وتیشی: سەرۆکی ئەمەریکا هەمووانی فریودا کاتێک ڕایگەیاند، "کە ڕەنگە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام بەم زووانە نا".
