ڕاپەڕین ... دەستکیرکردنی کەسێک بەتۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلی پوری
ئەمڕۆ هەینی ،بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند، لە ناحیە چوارقوڕنە سێ کەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبیل دەستگیركران كە هەڵساون بە هێنانی ئۆتۆمبیلی جۆری (BMW330) لە شاری هەولێر، بەمەبەستی ساغ كردنەوەی وەك ئۆتۆمبیلێكی بێ سەرەتا، دواتر یەكێك لە تۆمەتبارەكان دانی بەوەشدا ناوە كە هەستاوە بە دزینی ئۆتۆمبیلێكی دیكە كە هی پوری خۆی بوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای بە دەستهێنانی زانیاری لە لایەن هێزەكانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە سێ کەس بە ناوەكانی (م، م، ق) لە دایكبوی ساڵی 2005 و (هــ، جـ، ک) لە دایكبوی ساڵی 2005 و (م، ٲ، م) لە دایكبوی ساڵی 1998، كە هەر سێكیان دانیشتوی كەركوك و كاسبن، لە پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە ناحیەی چوارقوڕنە دەستگیركران.
ئاماژەی بەوەشكرد، تۆمەتباران هەستاون بە هێنانی ئۆتۆمبیلی جۆری (BMW330) مۆدێل 2024 ڕەنگی ڕەش، لە شاری هەولێرەوە بۆ پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە ناحیەی چوارقوڕنە و لێكردنەوەی تابلۆكانی بە مەبەستی ساخكردنەوەی وەك ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا كە پێشتر لە لایەن تۆمەتبار (م، م، ق) ئۆتۆمبیلەكە بە كرێ بۆ ماوەی مانگێك بەكڕێ گیراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، دوای لێګۆڵینەوە لە گەڵیاندا تۆمەتبار (م، م، ق) لە كاتی وەرگرتنی وتەكانیدا دانی نا بە تاوانێكی دیكەدا كە جگە لەو تاوانەی ئەنجامی داوە، هەستاوە بە دزینی ئۆتۆمبیلی پوری لە جۆری (كیا سپورتاج ) مۆدێل 2014 ڕەنگی سپی لە شاری كەركوك و فرۆشتویەتی بە بڕی 13 هەزار دۆلاری ئەمریكی.
لە ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئەوەش هاتوە، دادوەر بڕیاری دا بە ڕاگرتنی تۆمەتباران بە پێی مادەی (453) لە یاسای سزادانی عێراقی و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
