ڕۆژنامەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان سلێمان ئەحمەد دوای مانەوەی زیاتر لە ساڵێک لە زیندانی دهۆک ئازادکرا
ڕۆژنامەنووسی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، سلێمان ئەحمەد دوای مانەوەی زیاتر لە ساڵێک لە زیندانی دهۆک ئازادکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ئازادکرا، ئەمەش دوای مانەوەی زیاتر لە ساڵێک لە زیندانی دهۆک دوای حوکمی سزای سێ ساڵ لەلایەن دادگای دهۆکەوە بەتۆمەتی "هاوکاری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە".
لە 29ـی تەمموزی 2024، دادگای دهۆک سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنووسی ئاژانسی (رۆژ نیوز) سەپاند و لەکاتی دادگاییکردنەکە، دادگای دهۆک ڕێگەی نەداوە نوێنەری یۆنامی بەشداری دانیشتنەکە.
زانیاری زیاتر...
هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز، ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد کە خەڵکی عەفرین-ی ڕۆژئاوای کوردستانە رۆژی (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، بۆ سەردان و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی چووبووە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب لە سوریا و لەدوای گەڕانەوەی لە رۆژی 25ـی تشرینی یەکەمی 2023 کاتێک دەیویست لە دەروازەی فیشخابورەوە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ کارەکەی لە سلێمانی، لەلایەن ئاسایشی دهۆک رفێندرا و دوای زیاتر لە حەوت مانگ پاڕێزەرانی توانیان چاویان پێی بکەوێت.
ئەو رۆژنامەنووسەی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە سلێمانی کار دەکات، ماوەی نۆ مانگە لەلایەن ئاسایشی دهۆک بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دەستگیرکراوە.
پێشتر ئاژانسی ڕۆژنیوز کە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد تێیدا کاری دەکرد، پارتی دیموکراتی کوردستانی تۆمەتبارکرد بە ڕفاندنی ئەو ڕۆژنامەنووسە بەتۆمەتی ناڕەوا و بەبێ هیچ بەڵگە و سەلامەتی ئەو ڕۆژنامەنووسە خستەپاڵ ئاسایشی دهۆک کە بە "ئاسایشی پارتی" وەسف کرد.
كلمات مفتاحية
- سلێمان ئەحمەد
- زیندانیانی سیاسی
- زیندانیانی بادینان
- هەرێمی کوردستان
- پارتی دیموکراتی کوردستان
- دهۆک
- دادگای دهۆک
