ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی لوبنان گەشتی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی ئێران بۆ لوبنان قەدەغەکرد
ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ وڵاتی لوبنان ڕایگەیاند، "گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ بەهۆکاری ئەمنی هەڵوەشاوەتەوە".
ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنیی ئێران ڕایگەیاند: دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنیی لوبنان سەبارەت بە "زیادکردنی ڕێوشوێنی ئەمنیی بۆ ماوەیەکی کاتی لە فڕۆکەخانەکانی"، تا مانگی 3 بەڕێوەبەرانی فڕۆکەخانەی بەیروت و ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی لوبنان مۆڵەتی فڕینی کۆمپانیای فڕۆکەوانی (ماهان ئایێر)ی ئێرانیان هەڵوەشاندۆتەوە.
هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداریان کردۆتەوە کە مۆڵەتی فڕینی کۆمپانیای ئێران ئایێر کە بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە 18ـی شوبات بەڕێوەبچێت، هەڵوەشاوەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدا، دەیان هاوڵاتی لوبنانی و لایەنگری حیزبولڵای لوبنان لەئەنجامی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە قەدەغەکردنی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروەت، ڕێگاکانی چوون بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری بەیروت-یان داخست.
شەوی دوێنێ پێنجشەممە، ڕێگاکانی بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕەفیق حەریری بەیروت داخران بەهۆی ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی کە زیارەتکارانی لوبنانی لەئێران هەڵگرتبوو.سوپای لوبنان دەستوەردانی کردووە بۆ کردنەوەی ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەیرووت، دوای ئەوەی گەنجان لە ناڕەزایەتییەکدا بەرامبەر بە ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی کە زیارەتکارانی لوبنانی هەڵگرتبوو، ڕێگای فڕۆکەخانەی بەیرووتیان گرتبوو.
