ڕێککەوتن بۆ بەستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە حکومەتی فیدراڵ هەیە
ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ بەستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە حکومەتی فیدراڵ هەیە.
ئەمڕۆ شەممە (21ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، موعین کازمی بوونی لێکتێگەیشتنی سیاسی ڕاگەیاند کە گەیشتووەتە خاڵی ڕەزامەندی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم سەبارەت بە لەخۆگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵیدا.
موعین کازمی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسی "موتەڵع"ـی ڕاگەیاند: "دانیشتنەکە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەڕێوەچوو کە تیایدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی فیدراڵی بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی حکومەتی ناوەند (تەیف سامی) و لیژنەی چاودێری دارایی لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و لە کۆتاییدا هاوڕاییەکی تەواو هەبوو بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سیستەمی مووچەدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا بەشدار بن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە پێویستی بە بەدواداچوون هەیە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ڕێکخستنی 681 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بخرێنە ناو سیستەمی مووچەوە"، جەختیشی کردەوە کە یەکخستنی مووچە هیچ ناکۆکی و کێشەیەک لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست ناکات.
