ڕێگری کرا لە یادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حوسێن لە شاری دهۆک
لە هەرێمی کوردستان چالاكی ساڵیادی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن بەڕێوەچوو و لە دهۆك هێزە ئەمنییەكان ڕێگرییان كرد و ڕۆژنامەنووسێكیان دەستگیر كرد.
لە شاری سلێمانی بە بەشداریی دەیان کەس، مەراسیمێک بۆ هەشتەمین ساڵیادی تیرۆركردنی وەدات حسێن بەڕێوەچوو، تێیدا بەیاننامەی بنەماڵەی ئەو ڕۆژنامەنووسە و ئاژانسی ڕۆژنیوز كە وەدات كاری تێدا دەكرد خوێندرایەوە.
لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاش ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوان چالاكییەكیان بەو بۆنەیەوە ئەنجامدا
بەڵام ئێوارەی دوێنی ژمارەیەک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان هەوڵیان دا چالاكییەک لەسەر گۆڕی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەنجام بدەن، بەڵام وەکو ساڵانی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دهۆكەوە ڕێگرییان لێكرا.
هێزە ئەمنییەكانی دهۆک ڕۆژنامەنووس (ئومێد بەرۆشكی)یان دەستبەسەر كرد كە هەوڵی دەدا چالاكییەک بۆ ئەو ساڵیادە ڕێكبخات، پاش چەند كاتژمێرێک ئازاد كرا.
كەسوكاری ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێن: وەدات لە شەقامێكی قەرەباڵغی دهۆک و بە ئاشكرا ڕفێندراوە، بەڵام تا ئێستا تۆمەتباران دەستگیر نەكراون، ئەمەش هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە كە ئەم تیرۆرە لەلایەن دەسەڵاتەوە یان لەژێر چاودێریی ئەواندا ئەنجام دراوە..
ئاژانسی ڕۆژنیوزیش ڕاستەخۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بە تیرۆركردنی وەدات حسێن تۆمەتبار دەكات و دەشڵێت: "دادگای دهۆک لە پاش هەشت ساڵ، لە بەرانبەر تیرۆرێكی ئاشكرا و بە ڕۆژی ڕووناك، لەگەڵ هەبوونی دەیان بەڵگە و دەلیل، هێشتا پەیڤێكی نوێی لەبارەی كەیسی تیرۆركردنی شەهید وەدات حسێنەوە نەدركاندووە، بكوژانی دەستگیرنەكراون و كەیسەكەشی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە داخراوە.
ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە ڕۆژی 13ـی ئابی 2016 لە ناوشاری دهۆک لەلایەن چەند چەكدارێكەوە ڕفێندرا و بە ئەشكەنجەدانەوە كوژرا.
