ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لەناوچەی ساحلی سووریا گەیشتووەتە نزیکەی هەزار هاوڵاتی مەدەنی
ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لەناوچەی ساحل لە سووریا گەیشتووەتە زیاتر لە 970 کەسی مەدەنی کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، کۆمەڵکوژی نوێی لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکانی تەرتووس و لازقییە و حەما تۆمارکردووە و ژمارەی کوژراوانی مەدەنی گەیشتووەتە نۆ سەد و حەفتاو (973) سێ کوژراو کە زۆربەیان عەلەویین، جگە لە سەدان چەکدار لە هەردوولای ئۆپۆزسیۆن و چەکدارانی سەربە حکومەتی نوێی سووریا.
ئەمەش لەکاتێکدا لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە، ناوچەی ساحل لەسووریا و پارێزگاکانی حەما و حومس پێشێلکاری و لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژی مەیدانی لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی کاتی سووریاوە دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنی سەر بە مەزهەبی عەلەوییەکان بەخۆوە بینیوە.
ڕووداوەکانی سووریا…
گرژیی و ئاڵۆزیی و پێکدادانەکانی سووریا سەدان کوژراو و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی دیکەی لێکەوتووەتەوە، "تەنیا لە چوار ڕۆژ زیاتر لە 2000 کەس کوژراون".
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، "سوپای سوریا و ئەندامانی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی ناوخۆو هێزەکانی سەربە دەسەڵاتی ئەبو محەممەد جۆلانی، زیاتر لە 973 هاووڵاتیی عەلەویی سڤیلیان کوشتووە".
لەشاری بانیاس لە پارێزگای ساحل 60 کەس کە 10 ژن و 5 منداڵی تێدابووە لە مەیدان لەلایەن ئەندامانی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی نوێی سووریا کۆمەڵکوژ کران.
ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، سەرۆکی بەشی ئاسایشی گشتی پارێزگای لازقییە، مستەفا کنێفاتی "پاشماوەی گروپە میلیشیاکانی ئەسەد" تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنەسەر خاڵەکانی پشکنین و فەرمانگاکانی حکومەت لە ناوچەی جەبلە.
کنێفاتی دەشڵێت، پێکدادانەکان "کوژراو و برینداری" لەنێو کارمەندانی ئاسایش لێکەوتووەتەوە.
ئەم پێکدادان و ئاڵۆزییەی سووریا لە ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو 4ـی ئاداری 2025 سەریهەڵدا، کاتێک شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەند چەکداری دژی حکومەتی نوێی سووریا لەگەڵ چەکدارانی حکومەتی نوێی سووریا بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع ناسراو بە (جۆلانی) سەرکردەی پێشووی داعش و قاعیدە و سەرۆکی ئێستای سووریا لە پارێزگاکانی لازقیە و تەرتووس و حومس و حەما ڕوویدا، بەوهۆیەوە کوژراو لەهەردوولادا کەوتەوەو لە تۆڵەی ئەم ڕووداوانەدا، چەکدارانی توندڕەوەی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا هەڵیانکوتایەسەر چەندین خێزانی سڤیلی عەلەوی لە پارێزگای ساحل و زۆربەیانی کۆمەڵکوژکرد، جگە لەو دیمەنانەی تۆمارکراو کە دەریدەخەن چەکدارانی حکومەتی نوێی سووریا چەند هاوڵاتییەکی سڤیل بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشت لەوانە منداڵ و تەواوی خێزانێک.
بەگوێرەی ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا زیاتر لە 973 مەدەنی کوژراو لەو پێکدادانانەدا کەوتەوە.
