کاتی گەڕانەوەی بەرشەلۆنە بۆ کامپ نۆ راگەیەندرا
بەرشەلۆنە رۆژی شەممە بە فەرمی دەگەڕێتەوە و کامپ نۆ و بەرامبەر بلباو لەو یاریگایەدا یاری دەکات.
یانەی بەرشەلۆنە لە راگەیاندراوێکی فەرمیدا گەڕانەوەیان بۆ یاریگای کامپ نۆ راگەیاند و تێیدا نووسیوویانە: یاری رۆژی شەممە بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆ ئەنجامدەدرێت و 45 هەزار هاندەریش دەتوانن لە یاریگاوە بینەری یارییەکە بن.
باسیان لەوەشکردووە، سەبارەت بە چامپیۆنز لیگیش یانەکە بە هاوبەشی لەگەڵ یوفا کاردەکات بۆ ئەوەی بتوانێت یارییەکەی بەرامبەر ئینتراخت فرانکفۆرت لە سپۆتیفای کامپ نو ئەنجام بدرێت، بەو پێیەی مەرجە پێویستەکان جێبەجێکراون و لە ئێستادا چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی دەکرێت.
بەرشەلۆنە ماوەیەکی زۆرە یارییەکانی لە دەرەوەی کامپ نۆ ئەنجامدەدات و گەڕانەوەیان بۆ یاریگا دێرینەکەیان یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆیان هەم لەرووی داراییەوە هەم لە رووی ئامادەبوونی هاندەران و پشتگیریکردنیانەوە.
