کارەبا پلانێکی گەورەی بۆ زیادکردنی 11 هەزار مێگاوات بۆ تۆڕی نیشتمانی ڕادەگەیەنێت
وەزارەتی کارەبای عێراق، پلانێکی گەورەی بۆ زیادکردنی 11 هەزار مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی ڕاگەیاند و دەشڵیت، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ڕوسیادا واژۆ کردوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری سودوەرگرتن لە "وزەی ئەتۆمیی ئاشتیانە" لە داهاتودا.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، عێراق پلانێکی گەورەی بۆ زیادکردنی 11 هەزار مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا پلانی بەدەستهێنان پڕۆژەی وزەی خۆر، وزەی با و وزەی بەدەستهاتو لە خاشاکیش لەخۆدەگرێت، هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ڕوسیادا واژۆ کردوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری سودوەرگرتن لە "وزەی ئەتۆمیی ئاشتیانە" لە داهاتودا.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوەشكرد، دەرگایان کراوەیە بۆ وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی، هەروەها ژینگەیەکی لەباریان بۆ ڕەخساندون، کە ئەو هەنگاوانە هاوکاتن لەگەڵ پڕۆژەکانی تری وەک گۆڕینی زیرەکی تۆڕی کارەبا و کاراکردنی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی، بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی وزەی وڵات.
