کاوە محەممەد: هەڕەشەی کشانەوە لە بەغدا کارتێکی سووتاوە و تەنها بۆ خۆڵەمێشی نێوچەوانە
ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کاوە محەممەد ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی 1ـی 2025، لەسەر هەڕەشەکانی لایەنە کوردییەکان بۆ کشانەوە لە بەغدا دا، بە کاغەزێکی سووتاو وەسفی کرد.
کاوە محەممەد، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "بغداد اليوم" گوتوویەتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت مووچەی مانگێک بدات بە فەرمانبەرانی بەبێ ئەو پارەیەی لە حکومەتی فیدراڵی بەغدا وەرگرێت.
کاوە محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان دیالۆگ و پابەندبوون بەڕێککەوتن و یاسای بودجە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەوێت نەک هەڕەشە چونکە ئەم هەڕەشەیە نابەجێن، هەروەها کەشوهەوای کوردستان ئامادەی ئەو بڕیارە نییە و چەنکە نێوان لایەنەکان لە کوردستان باش نییە و یەکڕیز نیین".
کاوە محەممەد دەشڵێت؛ "هەڕەشەی کشانەوەی لایەنە کوردییەکان بە کشانەوە لە بەغدا کارتێکی سووتاوە و تەنها بۆ خۆڵەمێشی نێوچەوانە".
شایەنی باسە، وتەبێژی حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامی ڕۆژی چوارشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2025 هەڕەشەی کشانەوە لە حکومەتی فیدراڵی کرد و گوتوویەتی، "ئەگەر عێراق پابەند نەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ئەوا دەکشێینەوە".
پێشوا هەورامی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پاش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەڕێوەچو،و گوتی، عێراق پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم ئەنجامدراوە.
