کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی یانەی نەسر سکاڵا دژی یانەی یۆڤانتۆس تۆمار دەکات
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی یانەی نەسری سعودی، سکاڵا دژی یانەی یۆڤانتۆس تۆمار دەکات.
ڕۆژنامەی "لاگازێتا دێلۆ سپۆرت"ی ئیتاڵی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاری داوە سکاڵا لەسەر یانەی یۆڤانتۆس تۆمار بکات، بەهۆی ئەوەی بڕی 19.9 ملیۆن یۆرۆ لە شایستەکانی تا ئێستا نەدراوە.
رۆناڵدۆ لە هاوینی ساڵی 2021 یانەکەی جێهێشت دوای سێ وەرز یاری بۆ یانە ئیتاڵییەکە و گەڕایەوە بۆ یانەی مانچستەر یونایتد، پێش ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بگوازرێتەوە بۆ یانەی نەسری سعودی.
ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامە ئیتاڵیەکان چەند مانگێک لەمەوبەر ئاماژەیان بەوە کرد، کە بەڵگەنامەیەک هەیە کە ئاشکرای دەکات رۆناڵدۆ 19 ملیۆن یۆرۆی وەرنەگرتووە.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، بەڵگەنامەیەکی نهێنی کە لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆ و بەڕێوەبەرایەتی یۆڤانتۆسەوە واژۆکرا وە ئاشکرا کرا، بەڵێنی یانەکەی بە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ هێرشبەرەکەی پێشووی ئاشکرا کردووە، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێکخستنی مووچەکەیان لە ماوەی پەتای کۆرۆنادا، بەپێی ڕۆژنامەی "لاگازێتا دێلۆ سپۆرت"ی ئیتاڵی.
