کرێملین: پوتن بڕیاری داوە بە ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕەكان بۆ ماوەی دو ڕۆژ لەگەڵ ئۆكرانیا
كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا (كرێملین) ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی ئەو وڵاتە، بڕیاری داوە بە ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕەكان بۆ ماوەی دو ڕۆژ لەگەڵ ئۆكرانیا و ئاگربەستەكە لە كاتژمێری 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە دەستپێدەكات و هیواداریشە ئۆكرانیا پابەندبێت پێیەوە.
كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پوتن لە کۆبونەوەی لەگەڵ ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا ڕایگەیاندوە كە بە پشتبەستن بە ڕەچاوکردنی مرۆیی، لایەنی ڕوسی ئەمڕۆ ئاگربەست ڕادەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لە کاتژمێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە تا ڕوژی تا دوشەممە، ئاگربەستەكە بەردەوام دەبێت ئەوەش بە بۆنەی جەژنی قیامە-ی مەسیحیەكانەوە. هەروەها سەرۆكی ڕوسیا فەرمانی داوە هەمو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەو ماوەیەدا ڕابگیرێن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ڕوسیا وا گریمانە دەکات کە لایەنی ئۆکراینییش پابەندبێت پێیەوە و شەڕەکانی ڕابگرێت و جەختیشی لەوەش کردەوە کە "دەبێت هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا ئامادەبن بۆ بەرپەرچدانەوەی پێشێلکاری و ئیستفزاز ئەگەری لەلایەنی بەرامبەر كردیان".
ئەوەشی خستەڕو، ڕێڕەوی ئاگربەستەکە، ئامادەیی و توانای ڕژێمی کیێڤ نیشان دەدات بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ئەو پرسە.
