کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان داشکێنرا
کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان داشکێنرا.
ئەمڕۆ چوارشەمە، ئارام مەحەممەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ سەرجەم سەرۆک زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کۆبۆوە، لە کۆبونەوەکەدا دوپاتیکردەوە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە زانکۆ تایبەتەکان دەڕوانێت و چاوەڕوانی وەزارەت و خەڵکی کوردستان لە زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە کە بتوانن لەڕووی پەرەپێدانی ژێرخان و توانای مرۆیی و دەستەبەرکردنی پێداویستییە زانستییەکان و سیستمی خوێندن و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن نمونەی سەرکەوتوو و ناوازە پێشکەش بکەن.
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا باسى لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ حکومیەکان بە گشتى و زانکۆ تایبەتەکان بەشێوەیەکى تایبەت کرد و ڕایگەیاند: "بۆ ئەمساڵیش هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو بەڕێژەى 10% تا 20% کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان داشکێنراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زانکۆ تایبەتەکان لە ڕێگەی پرۆگرامی جیاوازەوە هاوکاری زیاتری خوێندکارانی سەرکەوتوو بکەن و نەهێڵن کرێی خوێندن ببێتە بەربەست لە بەردەم بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان". وەزیرى خوێندنى باڵا وتيشی: پلانمان ئەوەیە زیاتر زانکۆکانمان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاری کار کارلێک بکەن و بەردەوام ڕوپێووی ئەو کارامەییانە بکەین کە بۆ بازاڕی کار پێویستن، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سود لە دەستی کاری ناوخۆیی وەربگرین و لەهەموو بوارەکانی کەرتی ئابووری و پیشەسازی جێگایان بکەینەوە.
