کوردستان ... جارێکی تر بەفر بارین دەستپێدەکاتەوە
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە قۆناغی کۆتایی شەپۆلی بەفر و بارانبارین لەسەر ناوچەکە دەستیپێکردەوە و تا ئەم کاتە، جیا لە بەفری پێشتر، نزیکەی 30 تا 60 سانتیمەتر بەفری نوێ لەسەر ناوچە شاخاوییەکان باریووە.
جەبار لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە ، جیاواز لە ساڵانی پێشتر، بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانمان کەڵەکەبووە و رێژەکەش زیاتر دەبێت تا سبەی.
ئاماژەی بەوەشدا، کاریگەریی شەپۆلی بەفر و بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان بۆ ئەمشەویش بە چڕی بەردەوامیی دەبێت و سبەی هەینی، 2ـی 1ـی 2026، لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ بەدواوە لە سنووری هەردوو پارێزگاکە لاواز دەبێت و ئێوارە کۆتایی پێدێت، بەڵام لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم سنووری ئیدارەی راپەڕین، پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان بەگشتی لە ئەمشەوەوە ئەو شەپۆلە دەستپێدەکات و تا سبەی ئێوارەی هەینی 2ـی 1ـی 2026، بە مامناوەندی بەردەوامیی دەبێت و لە شەودا لاواز دەبێت و کۆتایی پێدێت.
